لەیلا زانا
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. (فێربە کەی و چۆن ئەم داڕێژەیە لابەریت) |
لەیلا زانا Leyla Zana | |
---|---|
لەدایکبوون | ٣ی ئایاری ١٩٦١ |
نەتەوە | کورد |
پیشە | سیاسەتمەدار |
خەڵاتەکان | خەڵاتی ڕافتۆ (١٩٩٤) خەڵاتی ساخارۆف (١٩٩٥) خەڵاتی ئاخنی ئەڵمانی (١٩٩٦) خەڵاتی خوان ماریا باندریسی (٢٠٠٨) |
لەیلا زانا (بە کورمانجی:Leyla Zana)، لەدایکبووی ٣ی ئایاری ١٩٦١ لە شاری فارقینی باکووری کوردستان، ژنە سیاسەتمەداری کورد کە بۆ ماوەی دە ساڵ بەھۆی قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا زیندانی کرا.
ژیان
[دەستکاری]لەیلا زانا رۆژی ٣ ئایاری ساڵی ١٩٦١ لە شارۆچکەی فارقینی سەر بە شاری دیاربەکر لە دایکبووە و ساڵی ١٩٩١ بوو بە یەکەمین ژنی کورد کە توانی ببێتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا.
سوێند خواردن بە زمانی کوردی
[دەستکاری]لەیلا زانا، ساڵی ١٩٩١ لە مەڕاسمی سوێند خواردنی پەرلەمانی تورکیا، لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکەی کورد بە زمانی کوردی سوێندیان خوارد. لەو مەراسیمە کە لەیلا زانا ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانی لە نێوچاوان و پرچی بەستبوو، بوو بە سیمبوولێکی کورد.[١]
پاش ئەم مەڕاسیمە، پەرلەمانتارانی کورد لەیلا زانا، ئۆرھان دۆغان، سەلیم ساداک و خەتیب دیجلە بە ١٥ساڵ زیندانیکردن سزادران، دوو پەرلەمانتارەکەی تر زوبێر ئایدار و یەشار کایاش ڕایانکرد.[١]
ساڵی ٢٠٠١ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەنگی بە ھەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانیکردنی چوار پەرلەمانتارە کوردەکە دا بەڵام تورکیا دەنگی ئەم دادگایەی بەفەرمی نەناساند.[٢] پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ پاش تێپەڕبوونی ١٠ساڵ لە حوکمی ئەم چوار تێکۆشەرە کوردە، بەھۆی فشارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا ئەم پەرلەمانتارانەی ئازاد کرد.
خەبات و خەڵاتەکان
[دەستکاری]لەیلا زانا بە ھۆی ھەوڵ و ماندوبوونەکانی لە پێناو چەسپاندنی دیموکراسی لە تورکیا و دەستەبەرکردنی مافی کوردان تا ئیستا، زیاتر لە ٦ خەڵاتی گرنگی جیھانی بە دەست ھێناوە.
- ساڵی ١٩٩٥ لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە خەڵاتی ساخارۆفی پێبەخشرا بەڵام بە ھۆی زیندانیبوونی تا ساڵی ٢٠٠٤ نەیتوانی ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
- خەڵاتی دەزگای رافتۆی نەرویجی بۆ ئاشتی لە ساڵی ١٩٩٤ وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٦ خەڵاتی ڤاڵدۆستی ئیتاڵی بۆ مافی مرۆڤی وەرگرت.
- ساڵی ١٩٩٦ خەڵاتی ئاخنی ئەلمانی بۆ ئازادی رادەربڕین پێبەخشراو.
- لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٥ تا ١٩٩٨ کاندیدکرا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نوبێل.
- لە شاری رۆمای ئیتاڵی رەگەزنامەی فەخری ئەو وڵاتەی پێبەخشرا.
- ساڵی ٢٠٠٨ خەڵاتی خوان ماریا باندریسی ئیسپانی بەخشرایە لەیلا زانا.
لەیلا زانا لە کاتی وەرگرتنی رەگەزنامەی فەخری ئیتالیا رایگەیاند:
« | ئێمە دەبێت شتە باش و ھاوبەشەکان ببینین و ھەرگیز بێ ھیوا نەبین. ئێمەی کورد ناخۆشی و شەڕمان لە گەڵ گەلانی تورک و عەرب و فارس نەبووە، بەڵکو سیستەم و دەوڵەتەکان ویستویانە ناسنامەی نەتەوەییمان بسڕنەوە. | » |
لەیلا زانا ئێستا وەک کەسایەتیەکی سەربەخۆ پشتگیری پارتی کۆمەڵگای دیموکراتی DTP دەکات و ھەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا و بۆ ئەو مەبەستەش چەند جار سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و لە گەل سەرکردایەتی کورد کۆبووەتەوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ ئ ا لەیلا زانا و پەرلەمانتارانی كورد ئەوەی 1991 دووبارە ناكەنەوە - ڕووداونێت ٢ی ئەیلوولی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
- ^ مشھورترین فعال زن کرد بار دیگر محکوم بە زندان شد (بیبیسی فارسی)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە لەیلا زانا تێدایە. |