بۆ ناوەڕۆک بازبدە

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک
مێژوو
دامەزراندن٢٠٠٣
دەستپێکی خولی نوێ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
سەرکردایەتی
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگامحەممەد ئیبراھیم حافز
پێکھاتە
Flag of Kirkuk Governorate.png
گرووپە سیاسییەکانی
  •      ھاوپەیمانیی کەرکووک ھێز و ئیرادەمان (٥)
  •      ھاوپەیمانیی عەرەبی (٣)
  •      پارتی دیموکراتی کوردستان (٢)
  •      بەرەی تورکمانی (٢)
  •      ھاوپەیمانیی سەرکردایەتی (٢)
  •      بزووتنەوەی بابیلۆن (١)
  •      ھاوپەیمانیی عروبە (١)
دەسەڵاتیاسادانان و چاودێری
ھەڵبژاردنەکان
دوایین ھەڵبژاردنی١٨ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣

ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک (بە ئینگلیزی: Kirkuk Provincial Council) دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییە لە پارێزگای کەرکووک ھەروەھا پارێزگار و جێگرەکانی ھەڵدەبژێرێت، ئەنجومەنەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانی پارێزگاکەوە ھەڵدەبژێرێت.

دامەزران

[دەستکاری]

دروستبوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ کاتێ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس پارێزگای کەرکووک دووچاری بۆشایییەکی کارگێڕیی بوەوە بۆیە ھاوپەیمانیی دەسەڵاتی کاتی لە عێراق دەستیان کرد بە ھەنگاوەکانیان بۆ دامەزراندنی ئیدارەیەکی نوێ لە پارێزگاکە بە بەشداریی تەواوی پێکھاتەکان، سەرەتا ٣٠٠ کەسایەتیی دەستنیشان کرا بۆ پێکھێنانی دەستەکەی ھەڵبژاردن لە پێکھاتە جیاوازەکانی کەرکووک بەشێوەیەکی یەکسان ٧٥ ئەندام بۆ ھەر چوار پێکھاتە (ئەمەش لەبەر نەبووی سەرژمێرییەکی نوێ و دروستی دانیشتووانی پارێزگاکە) دەستەکە ھەڵسا بە دەستنیشانکردنی ٦ ئەندامی ئەنجومەن بۆ ھەر پێکھاتەیەک واتا کۆی گشتی ٢٤ ئەندام و ھەڵبژاردنی ٦ کەسایەتیی بێلایەن (٥ کورد و ١ کریستیان) بەمەش کۆی گشتیی ئەندامانی ئەنجومەن بوە ٣٠ ئەندام لە ٢٦ی ئازاری ٢٠٠٣ ئەنجومەنەکە تەحیسن کەھییەی لە پێکھاتەی تورکمان وەکو یەکەمین سەرۆکی ئەنجومەنەکە ھەڵبژارد ھەروەھا عەبدولرەحمان مستەفا لە نەتەوەی کورد وەکو پارێزگاری کەرکووک و ئیسماعیل حەدیدی وەکو جێگری پارێزگار ھەڵبژێردران.

بایکۆت و دابەشکردنی دەسەڵات

[دەستکاری]

لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٠٦ ئەندامانی عەرەب و تورکمان لە ئەنجومەنەکە کشانەوە، وتیان گوایە کە زۆرینەی کورد کە ٢٦ کورسی لە کۆی ٤١ کورسیی ئەنجومەنەکەیان بەدەستەوەیە، ئەوانی لە بڕیاردان و حوکمڕانی دوورخستووەتەوە. ئەندامانی عەرەب لە کانوونی دووەمی ٢٠٠٧دا گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنەکە، دوای ئەوەی ڕێککەوتنێکی نوێیان بەست لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات.[١]

یەکەمین ھەڵبژاردن

[دەستکاری]

یەکەمین ھەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ ئەنجامدرا ھاوشان لەگەڵ ھەڵبژاردنی کۆمەڵەی نیشتیمانیی عێراقی و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەنجامدرا شایەنی باسە زۆربەی پارتە سیاسییە کوردستانییەکان بە تایبەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ چەن کەسایەتییەکی سەربەخۆی تورکمان و عەرەب و کریستیان لیستی برایەتیان پێکھێنا بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ھەروەھا تورکمانە سوننەکانیش بە لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی و تورکمانە شیعەکانیش بە لیستی ھاوپەیمانیی ئیسلامیی تورکمانیی بەشدارییان کرد لەگەڵ بایکۆتی زۆربەی عەرەبی سوننە بۆ پرۆسەی سیاسیی عێراق لەو ساڵەدا بەڵام بە دوو لیستی جیاواز بەشدارییان کرد لەژێر ناوەکانی کۆمەڵەی کۆماری عێراقی و گردبوونەوەی نیشتیمانیی عێراقی و ئەنجامی ھەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بەمشێوەیەی خوارەوە بوو:

لیست پێکھاتە ژمارەی دەنگ ژمارەی کورسی ڕێژە
لیستی برایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٣٧٬٣٠٣ ٢٦ ٥٩٫١٩٪
بەرەی تورکمانی عێراق تورکمانی سوننە ٧٣٬٦٣٥ ٨ ١٨٫٤١٪
کۆمەڵەی کۆماری عێراقی عەرەبی سوننە ٤٣٬٦٣٥ ٥ ١٠٫٨٨٪
ھاوپەیمانی ئیسلامی تورکمانی تورکمانی شیعە ١٢٬٦٧٨ ١ ٣٫٦٪
کۆبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی عەرەبی سوننە ١٢٬٣٢٩ ١ ٣٫٠٨٪
لایەنەکانی دیکە ٢١٬١٥٦ ٥٫٢٨٪
کۆی گشتی ٤٠٠٬٨٩٢ ٤١ ١٠٠٪
دەنگە بەتاڵەکان ٥٬٠٥٩

خولی دووەم

[دەستکاری]

دوای ھەڵبژاردنی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ ئەنجومەنی پارێزگا دەستی بە کارەکانی کرد بەھۆی ڕازینەبوونی تورکمان و عەرەب لە بەشداریکردنیان لە حکوومەتی خۆجێی پارێزگا لایەنە کوردستانییەکان بڕیاریاندا لەسەر ھێشتنەوەی عەبدولرەحمان مستەفا وەکو کەسایەتیی سەرب��خۆی کورد وەکو پارێزگاری کەرکووک بۆیە ئەنجومەنی پارێزگا ڕزگار عەلی لەسەر لیستی برایەتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە ھەڵبژارد ھەروەھا ڕێبوار تاڵەبانی لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەکو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکە ھەڵبژارد، دوای ڕازیبوونی کوتلەی عەرەبی بە بەشداریکردنیان لە حکوومەتی خۆجێی کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەنجومەنەکە ڕاکان سەعید جبوری وەکو جێگری پارێزگار ھەڵبژارد، ھەروەھا دوای ڕێککەوتن لەگەڵ کوتلەی تورکمانی لە ساڵی ٢٠١١ ئەنجومەنەکە حەسەن تۆران بەھادین وەکو سەرۆکی ئەنجومەن و نەجمەدین کەریمی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو پارێزگار ھەڵبژارد، دوای ھەڵبژاردنی نیسانی ٢٠١٤ی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرکەوتنی حەسەن تۆران بەھادین پۆستەکەی لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە چۆڵ بوو و بەھۆی ڕێکنەکەوتنی کوتلەی تورکمانی لە نێوان خۆیاندا پۆستەکە بەبەتاڵی مایەوە و لەلایەن ڕێبوار تاڵەبانی بە وەکالەت پۆستەکە پڕکرایەوەو تاوەکو ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنەکە لە ئازاری ٢٠١٧ لەسەر پێشنیازی پارێزگار بڕیاریدا لەسەر ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر باڵەخانەی پارێزگا و تەواوی باڵەخانە فەرمییەکانی دەوڵەت و کۆمپانیا گشتییەکان ھاوشان لەگەڵ ئاڵای عێراق بەڵام دوای ڕووداوەکانی ١٦ی تشرینی یەکەم ئاڵای کوردستان لابرا.[٢]

ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک

[دەستکاری]

دەبوایە لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ و٢٠١٣ دووجاری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرایە بەڵام بەھۆی فشاری عەرەبی سوننە و لایەنە تورکمانەکان بەپێی ماددەی ٢٣ی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحییەکان ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠٠٨ ڕێگە گیرا لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک.[٣]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ Ramzy Mardini (11 December 2007). «Kurdish-Sunni Accord Gives Kirkuk a Chance at Reconciliation». Terrorism Focus. Vol. 4, no. 41. Jamestown Foundation. لە 5 November 2015 ھێنراوە. {{cite news}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= و |date= (یارمەتی)
  2. ^ «كركوك تصوت لرفع علم كردستان بالمباني الحكومية». الجزيرة نت (بە عەرەبی). لە 2024-11-23 ھێنراوە.
  3. ^ «قانون انتخاب مجالس المحافظات و الأقضية والنواحي رقم (36) لسنة 2008 – مجلس النواب العراقي» (بە عەرەبی). 2008-10-13. لە 2024-12-11 ھێنراوە.